هێرشی سەر ڕۆژاڤا و ڕۆژنامەنووسان شەرمەزار دەکەین

بۆ ڕاگەیاندنەکان  و ڕای گشتی     

 

پەیوەندیکردن لە جیهاندا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، ڕۆڵ و ئەرکی گەیاندنی ڕاستییەکان بابەتێکی گرنگە، هەروەها پرسێکی ئەخلاقییە بەهۆی ڕاگەیاندنی ڕاستییەکان بە کۆمەڵگا، ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر ژیانی کۆمەڵگا هەیە. بەم تێگەیشتن و هۆشیارییە، کارکردن لە میدیادا، شێوازێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیستمە باڵادەست و دیکتاتۆرەکان. بۆیە ئەو ڕۆژنامەنووسانەی ئەم هۆشیاری و تێگەیشتنەیان هەیە، هەمیشە دەبنە ئامانجی دوژمنانی حەقیقەت و گەل. هێرشی گەورە دەکرێتە سەریان. ئەم فشار و چەوساندنەوە زیاتر دژی ئەو ژنانەیە کە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا خۆیان ڕێکدەخەن. هێرشی سیستماتیکی زۆر کراوەتە سەر ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە ناوچە جەنگییەکان هەواڵەکان ڕووماڵ دەکەن.

 

ساڵانێکە ڕۆژنامەنووسانی کورد، نوێنەری ڕۆژنامەگەری ئازاد و بێلایەن لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا دژی سیستەمی دیکتاتۆریی خەبات دەکەن. بۆ ئەمەش هەمیشە دەستگیر کراون و ڕاگیراون و ئەشکەنجە دراون، یانیش لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و سزای زۆر قورسیان بۆ بڕاوەتەوە.

بەداخەوە نموونەیەکی دیکەی ئەم هێرشانە لە ٢٣ی ئاب لە ڕۆژاوای کوردستان ڕوویدا. فڕۆکەیەکی بێ فرۆکەوانی دەوڵەتی تورک لە نزیک یەکتربڕینی گوندی تیلشیرێ لەسەر ڕێگای قامیشلۆ و عامودا، ئۆتۆمبیلێکی رۆژنامەنووسانی کردە ئامانج. لەم هێرشەدا ژنە پەیامنێرێک بە ناوی دەلیلا ئێگیت بریندار بوو و کارمەندێکی کەناڵی ژن بە ناوی نەجمەدین فەیسەل سینانیش گیانی لەدەست دا.

پێشتریش ڕۆژنامەنووسان سەید ئەحمەد، محمەد ڕەشۆ، ولات، عیسام عەبدوڵڵا لە دەرەنجامی هێرشی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا لە سەرێکانی و دێریک لە شوێنی کارەکانیان کرانە ئامانج و گیانیان لەدەست دا.

دەوڵەتی تورکیا بەم جۆرە هێرشانە یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات، نەک تەنها لە باکووری کوردستان، بەڵکو لە هەموو گۆشەکانی کوردستان، لەبەردەم هەموو جیهاندا، خەڵک پشتگوێ دەخات و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات. لە ڕۆژاوای کوردستانیش پشتیوانی داعش و شوێنکەوتووانی دەکات لە دژی کورد کە کەرامەتی مرۆڤایەتییان پاراستووە. ئەو تواندنەوەی کە لە باکوور دامەزراوە، هەوڵ دەدرێت بە هەمان میتۆدەکان لە ڕۆژاوای وڵاتیش جێبەجێ بکرێت.

ئێمە دەزانین هەرگیز فشار و هێرش کاریگەری ناکەنە سەر گەلی ئازادیخوازی کورد. ئەو کەسانەی بەدوای حەقیقەتدا دەگەڕێن، هەرگیز وازیان لە کارەکانیان نەهێناوە و هەرگیز وازیشی لێ ناهێنن.

 

ئێمە وەک ناوەندی پێن کورد، داوا لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە دەنگی خۆیان لە دژی ئەم هێرشانە بەرز بکەنەوە. پێویستە فشار بخرێتە سەر دەوڵەتی تورکیا بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە، هاوکات بە توندی ئیدانەی ئەم هێرشە دەکەین و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی کەناڵی ژن تیڤی و سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی کورد دەکەین.

 

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی

ناوەندی پێن کورد

٢٦/٠٨/٢٠٢٣