پاراستنی هەمەجۆریی زمانەوانی و کولتووری کلیلی بنیاتنانی کۆمەڵگاکانە
ناوەندی پێن کورد، ئیدانەی سزادانی شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردنی ئەیوب سوباشی مامۆستای زمانی کوردی، لەلایەن ڕژێمی تورکیا و دادگای چالاکە سیاسییەکان دەکات و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی بڕیارەکە دەکات.
مافی خوێندن و ژیان بە زمانی زگماکی یەکێکە لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، کە لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییە جۆراوجۆرەکاندا دانپێدانراوە، لەوانە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و پەیمانی نێودەوڵەتی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان. زمان، وەک توخمێکی سەرەکیی ناسنامەی تاک و کۆمەڵایەتی، لە ئامرازێکی سادەی پەیوەندیکردن گرنگترە؛ هەڵگری کولتوور و مێژوو و بیرۆکە و جیهانبینی کۆمەڵگایەکە، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پاراستن و گواستنەوەی میراتی کولتووری.
فێرکردن و فێربوون بە زمانی دایکی مرۆڤ تەنیا مافێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو پێویستییەکە بۆ پاراستنی هەمەجۆریی زمانەوانی و کولتووری کۆمەڵگا. لەو چوارچێوەیەدا گرتن و زیندانیکردنی ئەو کەسانەی کە بە زمانی دایکی وانە دەڵێنەوە، نەک هەر پێشێلکارییەکی گەورەی مافەکانی مرۆڤ و مافە زمانەوانییەکان، بەڵکو هەوڵێکی سیستماتیکیشە بۆ سڕینەوەی کولتوور و مێژوویەک.
ڕژێمی تورکیا مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە سەرکوتکردنی زمانی کوردی و بەرتەسککردنەوەی مافە زمانەوانی و کولتوورییەکانی گەلی کورد. دوابەدوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣، لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی تورکیا و سیاسەتەکانی یەکسانکردنی زمانەوانی و کولتووری، زمانی کوردی بوو بە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی چەوساندنەوە. ئەم سیاسەتە سەرکوتکەرانە لە دوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی ١٩٨٠ توندتر بوون، بە قەدەغەکردنی فەرمی فێرکردنی هەر زمانێک جگە لە زمانی تورکی و سانسۆرێکی توندی بەرهەمە ئەدەبی و کولتوورییەکانی کوردی.
تێکۆشەران و نووسەرانی کورد هەرگیز لە بەرامبەر ئەو زوڵم و ستەمانەدا بێدەنگ نەبوون و بەردەوام خەباتیان بۆ مافەکانیان کردووە. سەرەڕای ئەوەی لە دەیان ساڵی ڕابردوودا چاکسازییە سنووردارەکان، سیاسەتی سەرکوتکەرانە دژی زمانی کوردی بەردەوامن. ئەو ئەکادیمیا سەربەخۆیانەی کە زمانی کوردی دەڵێنەوە، چەندین جار هەڕەشەیان لێدەکرێت و دادەخرێن و مامۆستایان و چالاکانی زمان و ڕۆشنبیری کوردیش دەسبەسەر و زیندانی دەکرێن.
کاک ئەیوب سوباشی کە بڕوانامەی ماستەری لە ڕۆشنبیری و زمانی کوردی تەواو کردووە و ئێستا خوێندکاری دکتۆرایە لە زانکۆی دیجلە، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە پەیمانگای کوردی ئەستەنبوڵ وانە بە زمانی کوردی دەڵێتەوە. دوای دامەزراندنی تۆڕی ڕۆشنبیری و زمانی کوردی، پەیوەندی بە سکرتاریەتی ئەو تۆڕە کردووە، لە ئێستادا لە دەستەی بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی کوردی ئەستەنبوڵ کاردەکات.
کاک سوباشی جگە لە کارەکانی لە چالاکی زمانی کوردیدا، کار لەسەر وەرگێڕانی زمانی ئینگلیزی، فارسی و تورکی بۆ سەر زمانی کوردی دەکات و دوو ڕۆمان و چەندین بابەتی وەرگێڕاوە. هەروەها خۆبەخشانە وەک وەرگێڕ بۆ پەنابەران کاری کردووە. بە هۆی چالاکی کاک سوباشی چەندین جار دەستبەسەر کراوە و لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بە تۆمەتی کارەکانی پەیوەست بە زمانی کوردی سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.
ئێمە وەک ناوەندی پێن کوردی جەخت لەوە دەکەینەوە کە پاراستنی هەمەجۆریی زمانەوانی و کولتووری کلیلی بنیاتنانی کۆمەڵگاکانە لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی ئاشتیانە. ئێمە بە توندی ئیدانەی سزای زیندانیکردنی شەش ساڵ و سێ مانگ بەسەر کاک ئەیوب سوباشی دەکەین و داوا لە چالاکوانان و ڕێکخراوەکان و لایەنگرانی مافە زمانەوانی و کولتوورییەکان دەکەین کە دەنگی خۆیان لە دژی ئەم بڕیارە بەرز بکەنەوە و داکۆکی لە هەڵوەشاندنەوەی بکەن.
ناوەندی پێنی کورد
٢١/١٠/٢٠٢٤


