پێنی کورد بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە شەرمەزار دەکات
بۆ ڕای گشتیی و هاوڕێ و هاوپیشەکانمان
لە بەردەوامیی هیرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر نووسەر، ڕۆژنامەنووس و هاوڵاتیانی مەدەنیی، ئەمڕۆ ٢٣ی ئاب، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک لە شارۆچکەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی، سێ ڕۆژنامەنووسی کۆمپانیای چەتر لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکی میدیایی خۆیاندا، کردە ئامانج.
بەهۆی ئەو هێرشەوە هەر یەک لە ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا ٤٠ ساڵ، هێرۆ بەهادین ٢٧ ساڵ ژیانیان لەدەستدا و ڕۆژنامەنووس ڕێبین بەکری تەمەن ٣٠ ساڵیش بە سەختیی برینداربوو.
ئەو هێرش، گوشار، دەستگیرکردن، داگیرکاریی و بە ئامانجگرتنەی هاوڵاتیانی مەدەنیی هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و هیچ یاسایەکی جیهانیی ڕێگای پێنادات.
ئێمە وەکوو ناوەندی پێنی کورد ئەو کردەوانە بە توندیی شەرمەزار دەکەین و هاوخەمیی بۆ هاوڕێیانمان لە کۆمپانیای چەتر ڕادەگەیەنین. هەروەها داوا لە هاوپیشەکانمان دەکەین لە سەرانسەری جیهان، کە لەبەرامبەر زوڵم و زۆردارییەدا ببنە دەنگی ئاشتیی و ئازادیی.
بەهۆی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بۆسەر خاک و گەلی کوردستان، بەسەدان گوند لە باکوور، ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان وێران بوون و دانیشتوانەکانیان ئاوارە کران، ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ترس و دڵەڕاوکێی ڕۆژانەی هاوڵاتیان.
لە ئەنجامی هێرشی سەربازیی دەوڵەتی تورک بۆسەر باشووری کوردستان، کە لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ەوە دەستیپێکردووە، هەتا ئێستا ٦٢ گوند داگیرکراون، ئەو داگیرکارییە و دروستکردنی ئاستەنگیی وایکردووە ئەو ناوچانە لە دانیشتوانەکانیان چۆڵ بکرێن.
بەگوێرەی ئاماری فەرمیی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکیی، کە ڕۆژی ١٤ی ئابی ٢٠٢٤ بۆ ڕای گشتیی ڕاگەیەندرا، لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان ٤٨٤ هاوڵاتیی مەدەنیی بوونەتە قوربانیی، کە ٢٤٣ کەسیان ژیانیان لەدەستداوە و ٢٤١ کەسیشیان برینداربوون.
هەر بەپێی ئامارەکەی سی پی تی، نۆ گوند بەتەواویی چۆڵکراون و بەلایەنی کەمەوە ١٨٤ خانەوادە زێدی خۆیان بەجێهێشتووە و ئاوارەبوون. هەروەها نزیکەی ٦٨ هەزار دۆنم زەوی و دارستان هەر لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە سووتێندراون و پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەنێوان ١١٠ گونددا پچڕێندراوە.
بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی یەکێک لەو تاوانانەی دەوڵەتی تورکە، کە ئێمە ڕۆژانە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەیبیستین و ئەمڕۆش هەواڵی بە ئامانجگرتنی سێ ڕۆژنامووسەکەی کۆمپانیای چەتر، دڵگران و خەمباری کردین.
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ناوەندی پێنی کورد
٢٣ی ئابی٢٠٢٤


