ناوەندی پێنی کورد: پێویستە بڕیاری زیندانییکردنی سلێمان ئەحمەد هەڵبوەشێتەوە
دوای ٢٧٩ ڕۆژ لە دەستگیرکردنی، دوێنێ٢٩ی تەمموزی ٢٠٢٤ پرۆسەی دادگاییکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، بەرپرسی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز لە دادگای دهۆک بەڕێوەچوو.
دادگاکە بەپێی ماددەی ١ی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٢٣ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە تایبەتە بە ‘زیانگەیاندن بە ئاسایشی هەرێمی کوردستان’، سزای سێ ساڵ زیندانیی بەسەر سلێمان ئەحمەددا سەپاند.
ئەم سزایە لەکاتێکدایە، بەپێی لێدوانی پارێزەرانی کەیسەکە، کە ئامادەی دانیشتنەکەبوون، هیچ بەڵگەیەک نەبووە بۆ تاوانبارکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە و سەرجەم ئەو تۆمەتانەشی ئاڕاستەی کرابوون، لەلایەن سلێمان ئەحمەدەوە ڕەت کراوەتەوە، بۆیە بڕیارەکەی دادگای دهۆک پارێزارانی “شۆک” کردووە.
هەرچەندە بەپێی یاسا هەر کەسێک، کە بیەوێت مافی ئەوەی هەیە لەو دانیشتنانەی دادگادا ئامادەبێت، بەڵام سەرۆکی دادگا ڕێگای نەدا تیمی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عێراق’یۆنامی’، لە دانیشتنەکەدا ئامادەبێت.
دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی پێنی کورد، سەرکۆنەی ئەو پێشێلکارییانە دەکات، کە بەرامبەر ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد ئەنجام دراون لە ساتی دەستگیرکردنییەوە تاکو بڕیاری سزادانی و داوا دەکات دادگای دهۆک بڕیارەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و سلێمان ئازاد بکات.
ناوەندی پێنی کورد دەستگیرکردن و سزادانی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە پێشێلکردنی ئازادیی بیر و ڕا دەزانێت و داوا دەکات دادگاکان بەپێی یاسای ڕۆژنامەنووسیی ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا بکەن.
کۆمیەتی بەڕێوەبەریی ناوەندی پێنی کورد
٣٠ی تەمموزی ٢٠٢٤


