ھاوسەرۆکی پێنی کورد لەگەڵ نوێنەری حکومەتی ھەرێم تاوتوێی ئازادیی ڕادەربڕین دەکات
ھاوسەرۆکی ناوەندی پێنی کورد، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆخی ئازادیی ڕادەربڕین لە باشووری کوردستان و ھەوڵدان بۆ ئازادکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، لەگەڵ نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە یەکێتیی ئەوروپا، کۆبووەوە.
دوێنێ ٦ی کانونی یەکەم ٢٠٢٣، عومەر فیدان، ھاوسەرۆکی ناوەندی پێنی کورد لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا سەردانی نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی لە ئەوروپا کرد و لەگەڵ دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە یەکێتی ئەوروپا، کۆبووەوە.
ئامانج لە سەردانەکەی ھاوسەرۆکی ناوەندی پێنی کورد، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی دۆخی ئازادیی ڕادەربڕین لە باشووری کوردستان و ڕوونکردنەوەی دۆخی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، کە ماوەی ٤٢ ڕۆژە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگای دھۆکەوە دەستگیرکراوە.
لەو دیدارەدا، عومەر فیدان ھاوسەرۆکی ناوەندی پێنی کورد باسی لە گرنگیی ئازادیی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەگەریی کرد، ھەروەھا ئاماژەی بە ھەوڵەکانی ناوەندی پێنی کورد کرد لەپێناو بەدەستھێنانی ئەو مافەدا.
عومەر فیدان، لەبارەی دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد، وەک دوایین کەیسی ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان، گفتوگۆی لەگەڵ دلاوەر ئاژگەیی کرد و داوای ئازادیی ئەو ڕۆژنامەنووسەی کرد.
لە بەرامبەردا، نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە یەکێتتیی ئەوروپا بەڵێنی دا، کە داوا لە حکومەتی ھەرێم بکات بۆ ڕوونکردنەوەی دۆخی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد.
لە ھەرێمی کوردستان ماوەی سێ ساڵە ھەریەک لە ڕۆژنامەنووسان (شێروان شێروانی، گوهدار زێباری و قارەمان شوکری زەینەدین) لە زینداندان و لە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵیش، ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، ھەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز، لە دەروازەی فیشخابوور لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا و ھەتا ئێستا ھیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی دەستگیرکردنەکەی ڕانەگەیەندراوە و ڕێگانادرێت ھیچ کەس سەردانی بکات.


