ئەندامێکی پێن خەڵاتی یەکەمی پێشبڕکێیەکی کولتووری وەرگرت

پەیامنێری ناوەند

ئەندامێکی ناوەندی پێنی کورد، بەهۆی توێژینەوەیەکی ئەدەبی لەبارەی مەموزینی خانی، خەڵاتی یەکەمی بەشی توێژینەوەی پێشبڕکێی کولتوری (کورد ڕاوم)ی لە هەولێر بەدەستهێنا، هاوکات ئاشکراشی کرد کە خەڵاتەکەی دەبەخشێتە دوو نەخۆشی کەم دەرامەت.

جەزا ئەحمەد فارس، ئەندامی ناوەندی پێنی کورد و توێژەر و مامۆستای زانکۆ، بەهۆی نووسینی توێژینەوەیەک بە ناونیشانی  ناسیۆنالیزم لە شاکاری (مەم و زین)ى خانیدا، خەڵاتی یەکەم لە پێشبڕکێێ کولتووری دامەزراوەی کورد ڕاوم بدەست بهێنێت کە لە بەروارای ٢٥/٨/٢٠٢٢ لە یەکێتی نوسەرانی کورد لقی هەولێر ئەنجامدرا.

جەزا ئەحمەد فارس ڕایگەیاند کە ئەو لەسەر هەریەکە لە ئاستەکانی (گرنگی زمانی کوردی لای خانی، بەربەرەکانێ کردنی داگیرکەران و گرنگی یەکگرتووی ماڵی کورد) لەم توێژینەوەدا کاری کردووە.

ناوبراو ئاماژەشی بەوەشکرد ”خانى دەیتوانى بە زمانەکانى عەرەبى یان تورکى یان فارسى بنوسێت بەڵام ئەو ئامادە نەبووە ئەمە بکات لە بەر ئەوەى خانى کەسێک بووە لە خەمى  زمانى نەتەوەکەیدا بووە هەروەها لەسەر ئاستی بەربەرەکانێ کردنی داگیر کاری خانى درکى بە زوڵمی عەجەم و تورک کردووە، بۆیە ئەم زوڵمکردنە لەناو شاکارەکەیدا رەنگى داوەتەوە، بەربەرەکانێ کردنى ئەم دوو ئیمپراتۆریەتە بە ئەرک دەزانێت کە بەدرێژاى مێژوو و تاوەکو ئێستاش وەک بەربەستێکى گەورە وان لە بەردەم کورد بۆ گەیشتن بەخەون و ئاواتەکانیان” .

    جەزا ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو ”خانى لەپاڵ ئەوەى کە لەخەمى زمانى نەتەوەى کوردا بووە؛ دژى عوسمانى و سەفەوییەکان بووە کە بەشێکى زۆرى کوردستانیان لەژێر دەستدا بووە، هاوکات ئاواتیشى ئەوە بووە کە یەکگرتووى ماڵى کورد بە چاوى خۆى ببینێت، لە بەرئەوەى پێى وابووە کە تاکە چارەسەر بۆ دەرچوون لەو بارودۆخەى کە کوردستانى تێدایە، یەکگرتوویى ماڵى کوردە؛ خانى بە سەرنجدانى لە بارۆدۆخى سەرکردەکانى کورد هۆکارى راستەقینەى ئەم دیلى و ژێر دەستیەیان دەدۆزێتەوەو دەزانێت کە ناکۆکى ناوخۆییان و  کەلەڕەقى و دەمارزلییانە بۆتە هۆى ژێر دەستەییان”.

لە کۆتایدا جەزا ئەحمەد ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئەو بڕە پارەی وەک خەڵات پێێ دەدەرێت دەبەخشێت بە دوو نەخۆش کە لە ڕووی داراییەوە هەژاربن.