د. بێریڤان دۆسکی: بە هاوکاری چەند ناوەندێکی دیکەی پێنی نێونەتەوەیی دوو راسپاردەی تایبەت بە کورد پەسەند کران

د. بێریڤان دۆسکی، سەرۆکی شانازی ناوەندی پێنی کورد لە میانەی بەرنامەی دە پرسیار لە کەناڵی لۆران وەشان لەسەر یوتوب، رایگەیاند کە لە ميانەى بەشداريكردنيدا لە هەشتاوهەشتەمین کۆنگرەی پێنی نێونەتەوەیی، سەرکەوتوو بوون لەوەی دوو ڕاگەیاندراوی تایبەت بە دۆزی کورد بخەنە لیستی راسپاردنەکانی کۆنگرە.

٨٨ەمین کۆنگرەی ناوەندی پێنی نێونەتەوەیی کە لە ٢٧-٣٠ ئەیلولی رابردوو لە شاری ئۆپسالای وڵاتی سوێد بەڕێوەچوو، د. دۆسکی وەکو نوێنەری ناوەندی پێنی کورد بەشداری کردبوو، لەم بەرنامەیەدا بە درێژی باسی ئەو کۆنگرە و رۆلی ناوەندی پێنی کورد لەو کۆنگرەیە و ئەو ڕاگەیاندراوەنە دەکات کە لەو کۆنگرەیە پەسەند کران و بوونە راسپاردەی کۆنگرەکە.

شایانی باسیشە ئەو دوو راگەیاندراوە كە کە لەو کۆنگرەیە بوونە راسپاردەی کۆنگرە، پەیوەست بە کورد بوون، یەکەمیان دۆزى مافى خوێندن پەروەردە بە زمانی کوردی لە تورکیا و ئێران بوو، دووەمیشیان پشتگیریکردنی سەرهەڵدانی ژن و سەرھەڵدانى گەلی  کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بوو.

ئەو دوو ڕاگەیاندراوە لە لایەن ناوەندەکانی پێنی کورد و پێنی سیدنی و چەند ناوەندێکی دیکەوە پێشنیاز کرابوون و لە کۆتاییدا بوونە راسپاردەی ٨٨ەمین کۆنگرەی ناوەندی پێنی نێونەتەوەیی کە لە کۆتایی ئەیلولی رابردوو لە شاری ئۆپسالای سوێد بەڕێوەچوو.