ناوەندی پێنی کورد: گەلی کورد پێویستی بە ئاشتییەکی ئابڕوومەندانەی بەردەوام هەیە!
گەلی کورد کە لە سەرەتای نیشتەجێبوونی مرۆڤەوە لە کوردستان دەژی و یەکێک لە گەلانی دێرینی جیهانە، هەوڵی ژیانێکی پڕ لە کەرامەت و ئارامی دەدات. هاوکات لەگەڵ ئەم خواست و هەوڵی ژیانێکی مرۆڤانەیانەدا، جێگای داخە و کەسەرێکی زۆرە کە چەندین ساڵە لە چوار لاوە ڕووبەڕووی هەڕەشە و هێرشی جینۆساید بووەتەوە.
ئەو شەڕەی ساڵانێکە لە چوار لای کوردستان بەردەوامە، بە پلەی یەکەم مافی هەبوون و ژیان دەخاتە ژێر هەڕەشە و مەترسییەوە و لە هەمان کاتدا درێژەپێدەری پێشێلکردنی هەموو مافە مرۆیی و ڕەواکانی کورد خۆیەتی. ئەم هەڕەشە و هێرشانە، هەوڵدان بۆ لەناوبردن و پێشێلکردنی مافەکان، زیاتر لە سەد ساڵە بە شێوەیەکی سیستماتیک و دامەزراوەیی و وەک سیاسەتی بنەڕەتی هاوبەشی ئەو چوار دەوڵەتەی کە کوردستانیان دابەشکرد، بەردەوامە.
دوایین جار درەنگانی شەوی 19ی تشرینی دووەمی 2022، دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکە جەنگییەکانەوە، بە پلەی یەکەم لە ناوچەکانی دەوروبەری شار و شارۆچکەکانی کۆبانی، دێریک، ئەبو ڕەسەن و تەل ڕەفعەت لە باشووری ڕۆژئاوای کوردستان، تا 20 کم لە خوار سنووری سوریا هێرشی ئاسمانی قورسی ئەنجامداوە. بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێی و ڕاگەیاندنەکان، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا چەندین کوژراو و برینداری مەدەنی هەن. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، ڕۆژنامەنووسێکیش بەناوی عیسام عەبدوڵڵاش گیانی لەدەست داوە.
ئەو ناوچانەی ئەم هێرشانەیان تێدا ڕوویداوە، لە لایەن کوردەوە لە هێرش و داگیرکارییەکانی داعش ڕزگارکراون و زۆرینەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە کوردن. نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە گەلی کورد لە ساڵی ٢٠١١ بەملاوە، لەو ناوچانە لە بەرامبەر هێرشی چەتە و توندڕەوەکان و پاشان لە بەرامبەر هێرشە دڕندانە و نامرۆییەکانی داعش، کەرامەتی هەموو مرۆڤایەتی پاراستووە و بە قوربانییەکی بەرفراوان ئاشتی و ئارامی لە باشووری ڕۆژئاوای کوردستان وەدیهێناوە.
هەڕوەها بەوتەی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا، لەهەمان شەودا وەک درێژەی ئەو شەڕەی کە ماوەیەکی زۆرە لە باشووری کوردستان بەڕدەوامه، هەتا 140 کم لە ناوەوەی سنووری عێراقیش هێرشی ئاسمانی کران و چەندین ناوچەی لە هەرێمی کوردستان بۆردومان کران.
لە لایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی ئێران هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی بۆ سەر ئۆردوگا سڤیلەکانی هەرێمی کوردستان، هێرش دەکاتە سەر خۆپیشاندەران لە ئێران و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم هێرشانە لە شارەکانی سنە، بۆکان، پیرانشار، مەریوان، جوانڕۆ، مهاباد و چەندین شاری دیکەی کوردستان ڕاستەوخۆ تۆمارکراون. لە شارەکانی کوردستان خەڵکی سڤیل بە فیشەک و دۆشکە و تفەنگ کراونەتە ئامانج، هەربۆیە لە ١٨ی ئەم مانگە تا ٢١ی ئەم مانگە لە ماوەی ٣ ڕۆژدا ٤٥ کەس گیانیان لە دەست دا و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون کە ژمارەیەکی زۆریان منداڵ بوون. لە ناڕەزایەتییەکانی دوای کوژرانی ژینا ئەمینیدا، بەپێی زانیارییە ناوخۆییەکان، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، میدیا ناوخۆیی و دەرەکییەکان، سەدان کەس کوژراون و هەزاران کەسیش دەستگیرکراون و بەشێکی زۆریان مەترسی کوشتن و لەسێدارەدانیان لەسەرە. جگە لەوەش ڕژێمی ئێران هەڕەشە لە سەدان ڕۆشنبیر و نووسەر و هونەرمەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات کە پشتیوانی لەو خۆپیشاندانانە دەکەن و تۆمەتباریان دەکات و داوای دەستگیرکردن و لەسێدارەدانیان دەکات.
هەموو تاک و گروپ و گەلان مافی خۆیانە لە ئاشتییەکی بەردەوامدا ژیانێکی یەکسان بژین. بەدەستهێنان و پاراستنی ئەم مافە لە ئەستۆی هەموو مرۆڤایەتیدایە. بێدەنگی و پاڵپشتی دونیا بەرامبەر بەم سیاسەتە دەرەکییە مرۆڤایەتیانە ئاگری شەڕ و کێشەکان لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەکات و کەرامەتی مرۆڤایەتی لە جیهاندا لەناو دەبات. بێ گومان لەگەڵ بەردەوامیی ئەو هێرشانە، خەڵکی مەدەنیی دیکەش بریندار دەبن و گیان لەدەست دەدەن، ئەمەش زەمینەی ئاشتی نێوان گەلان تێکدەدات، کێشە و پرسەکانی ئێستا ئاڵۆزتر و قووڵتر دەکات، لە ئەنجامیشدا چارەسەرکردنیان مەحاڵ دەبێت.
وەک ناوەندی پێن کورد، بە بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاشتی لە دژی شەڕ، ڕایدەگەیەنین کە گەلی کورد و هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستیان بە ئاشتییەکی بەردەوام و شەرەفمەندانە هەیە. پێویستە ئەم هێرشانە کە خزمەت بە ئاشتی ناکەن و گرژیی و ئاڵۆزیی ناوچەکە زیاتر دەکەن، لە پێناو ئاشتی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستبەجێ ڕابگیرێن.
وەک هەمیشە پشتیوانی لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد و هەموو گەلانی ستەملێکراو دەکەین، داوای ئاشتی دەکەین؛ ئەو شەڕ و پێکدادان و ئاڵۆزییانەی کە وڵاتەکەمان و ئارامیی تەواوی ناوچەکە وێران دەکات، ڕەتدەکەنەوە.
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی
ناوەندی پێن ی کوردی
٢٣/١١/٢٠٢٢


