بۆ ڕاگەیاندن و ڕای گشتی
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، دەنیز بولبون، مامۆستای کورد و نوێنەری کەنەکە لە هەولێر، بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش کرایە سەری و گیانی لەدەست دا.
مامۆستا دەنیز، وەک پەروەردەکار و دڵسۆزێکی کورد، بە درێژایی تەمەنی خۆی، هەوڵێکی ناوازەی بۆ پاراستن و پێشخستنی زمان و وێژەی کوردی داوە و بەردەوام لە خزمەت پەرەپێدانی کولتوور و ئەدەبی کوردیدا بووە. پێشەنگ بووە لە دامەزراندنی چەندین دامەزراوەی توێژینەوە بۆ پەرەپێدانی زمانی کوردی، هاوکات دەیان بەرنامەی زمان و ڕۆشنبیری و ئەدەبی کوردی بەرهەم هێناوە. بۆیە جێگەکەی لە چالاکییەکانی بواری زمان و ڕۆشنبیریی و ئەدەب و لەناو ڕۆشنبیرانی کورد دا دیارە.
هێرشی دڕندانەی داگیرکەرانی کوردستان بۆ سەر کورد لە هەموو گۆشەکانی کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت. لەو شوێنانەی دەستکەوتەکانی کورد زیاتر دەبن، چالاکییەکانی کورد زۆرتر دەبن، هێرشی ناڕەوا و نامرۆڤانە ئەنجام دەدرێن. لە کاتێکدا کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە رۆژەڤی جیهاندایە، ڕۆژانە دەیان کەس لە ڕۆژهەڵات دەسبەسەر دەکرێن، بێ سەروشوێن دەکرێن و لە سێدارە دەدرێن. لە ڕۆژاواش کورد ستاتۆتۆکەی خۆی دەپارێزێت لەدەست هێزەکانی ڕژیم و دەوڵەتی تورک و ئەو چەتانەی پشتیوانیان دەکەن، بۆیە ڕۆژانە ڕووبەڕووی بۆردومان و مەرگ و ڕفاندن و گرتن و دەستدرێژی دەبنەوە. هەموو ڕۆژێک لە باکوور بە هەموو شێوەیەک پێشێلکاری مافەکان ڕوودەدات و ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە ئەم پێشێلکارییانە ڕاپۆرت دەکەن، نووسەران، ڕۆشنبیران و کرێکارانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەگیرێن و هەڕەشەی جددییان لێ دەکرێت. لە باشووری کوردستان کە بۆتە گۆڕەپانی پێشبڕکێی سیخوڕەکانی داگیرکەران، ڕۆژانە ڕووداوی دڵتەزێن ڕوودەدەن، رۆژنامەنووسان و چالاکوانە مەدەنییەکان زیندانیی دەکرێن و کوردانی پارچەکانی دیکە لەبەردەم ماڵ و دامودەزگاکاندا دەکوژرێن، هەڕەشەیان لێدەکرێت و چالاکییەکانیان تیرۆریزە دەکرێن و دەکرێنە ئامانج.
کاتێک ژیان و مافی کورد دەکەوێتە رۆژەڤەوە، هەموو داگیرکەران لەسەر دژایەتی کورد کۆکن و سیاسەتەکانیان بۆ کوشتنی کورد بە شێوەیەکی یەکگرتوو جێبەجێ دەکەن. لە هەموو پارچەکانی کوردستان بە هەموو شێوەیەک هەم یاسای ناوخۆی دەوڵەتەکانیان و هەم یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکەن و هەموو دەسەڵاتی خۆیان بۆ کوشتنی کورد بەکاردەهێنن.
وەک دامەزراوەیەکی نەتەوەیی، وەک نموونەی یەکگرتوویی کورد، وەک ناوەندی پێنی کورد، دەڵێین، لە بەرامبەر ئەم یەکیەتییە مرۆڤکوژ و جینۆسایدە، کورد دەبێ دەستبەجێ هاودەنگی و یەکڕیزیی خۆی لە هەموو بوارەکاندا ڕابگەیەنێت، بە کۆی دەنگ لە دژی ئەو جینۆسایدە بوەستینەوە، ئەو چەپەڵییە بشۆن کە دوژمنانی کورد لەناو کورددا بڵاویان کردوەتەوە، هاوکارانی دوژمنانی کورد ئاشکرا بکەن، لە کوردستان دەریان بکەن و هەوڵی پاراستنی کورد و کوردستان بدەن. داواکاریی ئێمە ئەوەیە کە سەرکردە و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، هەموو بزووتنەوە و لایەن و هێز و دامەزراوە و ڕۆشنبیران و دەوروبەری کورد لەسەر بنەمای بەها کوردییەکان، هەڵوێستی یەکڕیزیی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کوردستان، هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرا نیشان بدەن دژی داگیرکەرانی کوردستان، بۆ بەجێگەیاندنی بەرپرسیارێتی خۆیان لەپێناو ئاشتی ناوخۆیی و یەکێتی نەتەوەیی.
هەموو هاوکار و هاوبەشەکانی ئەم ڕووداوانە شەرمەزار دەکەین، لەپێناو ئەوەی جارێکی دیکە ئەو ڕووداوە ناخۆشانە بەو شێوەیە دووبارە نەبنەوە، داوا لە هەموو نووسەران و هونەرمەندان و ڕۆشنبیران دەکەین هەڵوێستێکی پتەو و ڕوونیان هەبێت بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێکی داگیرکەران هاوبەشەکانیان. داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکەین دەستبەجێ بکوژ یان بکوژەکان بدۆزنەوە، بۆ ئەوەی سەلامەتی هەموو نووسەران و ڕۆشنبیران و ئازادیخوازانی کوردستان مسۆگەر بکەن، وەک چۆن لە کوشتنی نەگیهان ئاکارسێل و سوهێل خورشیددا داوامان کرد. ئەگەرنا گەورەترین بەرپرسیارێتی لەم جۆرە ڕووداوانەدا پشکی ئەوان دەبێت.
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی
ناوەندی پێنی کورد
23.09.2023


