ڕاگەیەندراوی ناوەندی پێنی کورد دژی بڕیاری لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی

پەخشان عەزیزی

لەگەڵ نزیکبوونەوەی سێیەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران و کوشتنی سەدان کەس لە سەردەمی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییدا، ئەم ڕێژیمە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەر پەخشان عەزیزی، توێژەری کۆمەڵایەتیی، ڕۆژنامەنووس، چالاکوانی مافی ژنان سەپاند.

تەڤگەری ژن، ژیان، ئازادیی، کە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا لە کوردستان بۆ سڕینەوەی سنوورە دەستکردەکان، داکۆکییکردن لە مافەکانی ژنان، پێکەوە ژیانی ئاشتییانە و پاراستنی فرەچەشنییەکان، ژینگە، ئازادیی و دموکراسیی هاتووەتەکایەوە و گەشەی سەندووە، بە کوشتنی ژینا ئەمینی لە ئێرانیشدا تەشەنەی سەند، هەربۆیە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە سروشتێکی تەواو پێچەوانەی ئەم بزووتنەوەیەیە، بە شێوەیەکی بەرفراوان کەوتە سەرکوتکردنی خەڵک و بە شێوەیەکی بەرفراوان شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە سەربازگەکرد.
لە کاتێکدا ئازادیی ژنان یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی ئەم بزووتنەوەیە، نەک هەر ئەم دەسەڵاتە گرنگی بە داخوازییەکانی خەڵک نەدا، بەڵکو دەستی بە کوشتاری بەرفراوان کرد، بەردەوام بوو لە سیاسەتەکانی دژە ژن، لە دەرەنجامدا ئێستا سزای لەسێدارەدان بەسەر ژنانی چالاکدا دەسەپێنێت.

لە سەرەتای ئەم بزووتنەوەیەوە تا ئێستا دوو ژن سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و ژنێکی دیکەش مەترسیی لەسێدارەدانی لەسەرە.
جگه له پەخشان عەزیزی و شەریفه موحەمەدی، چالاکی مافی کرێکاری، کە هەفتەی رابردوو سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و وریشه مورادی، چالاکی سیاسیی و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مەترسیی لە سێدارەدانی لەسەرە.

پەخشان عەزیزی یەکەم جار لە ١٦ی نۆڤامبری ٢٠٠٩ بە تۆمەتی بەشدارییکردنی لە گردبوونەوەیەک لەدژی لەسێدارەدانی سیاسیی لە کوردستان دەستبەسەر کرا و ٤ مانگ لە زیندان ڕاگیرا، جاری دووەم له ٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٣ جارێکی دیکە دەستبەسەر کرا، ئەمجارەیان سزای لەسێداره‌دانی بەسەردا سەپێندرا.

لای هەمووان ڕوونە، کە سەرکوت و گوشاری ئەم ڕژێمە لەسەر گەلی کورد بە بەراورد بە گەلانی دیکەی ئێران زیاترە و چەندین ساڵە بەردەوامە.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی هەژموونی ٤٥ ساڵەیدا بەردەوام ژنان، نووسەرانی ڕەخنەگر، چالاکانی ژینگەپارێز، چالاکانی سیاسیی، ڕۆژنامەنووسان، چالاکانی مافی گەلانی ئەم جوگرافیایە سەرکوت دەکات و لەم چەند ساڵەی دواییش گوشاری زۆرتری خستووەتە سەر ژنان.
ناوەندی پێنی کورد بە مەحکومکردنی لەسێدارەدان و تاوانە قێزەونەکانی دیکەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خوازیاری ئازادکردنی پەخشان عەزیزی و زیندانیان و تێکۆشەرانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی دیکەیە و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکات لە بەرامبەر تاوانەکانی ئەم ڕژێمە بێدەنگ نەبن و داوا لە حکومەتەکانیان بکەن، کە واز لە پشتیوانیکردنی دەسەڵاتی ئێران بهێنن.

 

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ناوەندی پێنی کورد

٢٠٢٤/٧/٣٠