ناوەندی (PEN)ی کورد

رێباز

مێژوو و شوێنی داڕشتن و پەسەندکردنی رێباز بۆ یەکەم جار

ساڵی ١٩٨٨- ئەڵمانیا

هەموارکردنەوە و پەسەندکراوی کۆنگرەی یازدەیەمی ناوەندی (PEN)ی کورد

لە شاری ئۆڵدنبۆرگ/ ئەڵمانیا رۆژی ٠٩/٠٧/٢٠٢٢

دامەزراندنی (PEN)ی کورد

بناغەی دامەزراندنی ناوەند

بناغەی دامەزراندنی ناوەندی (PEN)ی کورد، لە ساڵی ١٩٨٠ بە هەوڵى رۆشنبیرانی کورد لە دەرەوەی کوردستان دانرا.

ساڵی ١٩٨٨ لە کۆنگرەی گشتی ناوەندی (PEN)ی نێونەتەوەیی لە شاری کامبریج ی بەریتانیا پێشنیازی ئەوە کرا کە (ناوەندی(PEN)ی کورد) دابمەزرێت، کۆبوونەوەکە بە گشتی پێشنیازەکەی پەسەندکرد و دامەزرا.

بەم شێوەیە ناوەندی(PEN)ی کورد، لە تاراوگەدا، لە وڵاتی ئەڵمانیا بە شێوەیەکی فەرمی تۆمارکرا و وەکو ناوەندێکی نووسەرانی کورد بە فەرمی لە ناوەندی (PEN)ی نێونەتەوەیی مۆڵەتی بۆ وەرگیرا و بووە ئەندام، بەپێی پەیڕەو و پرۆگرامێکی ئامادەکراو دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.

بنەما بنەڕەتییەکان

ناوی رێکخراو و جۆر و زەمینەکانی کارکردنی ئەندامییەتی ئۆرگانەکانی(PEN)ی کورد بە بڕیارى کۆبوونەوەی گشتی واتە (کۆنگرە)یە، لە کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی (ک.ب.گ)دا نوێنەرانی هەرچوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات بەشدارن.

خاڵی- ١: ناوی رێکخراو (ناوەندی (PEN)ی کورد)، (PEN)ی کورد بە واتای (ناوەندی (PEN)ی کوردە).

بنکەی ناوەند

خاڵی- ٢: بنکەی ناوەندی (PEN) لە شاری (ئامەد)ی باکوری کوردستانە.

خاڵی- ٣: (PEN)ی کورد لەسەر بناغە بنەڕەتییەکانی (PEN)ی نێونەتەوەیی دامەزراوە.

– بەرگری لە ئازادی ڕادەربڕین دەکات و دژی رێگریکردنە لە ڕاگەیاندن.

– بەعەقڵییەتى (ئەدەب سنوور ناناسێت) رەفتار دەکات.

– لە هەموو بارودۆخێکدا و بەتایبەتی لە دۆخی شەڕدا، بەرگری لە نووسەر و بەرهەمەکانیان دەکات لە دژی سیاسەتی نەژادپەرستی. ئەندامانی (PEN)ی کورد تیدەکۆشن لە دژی چینی سەردەستی نەتەوەیی، نەژادی، جێندەریی، و کاردەکەن بۆ ئازادی ڕادەربڕین و ئاشتی لە جیهاندا.

– بەرگری لە ئازادی راگەیاندن دەکات، دژی سانسۆرە، پشتیوانی راگەیاندنی ئازاد دەکات.

– رەخنە لە کردەوە ناڕەواکانی حکومەت و دەوڵەتەکان دەگرێت، لەدژی ئەو کردەوانە کەمپین بەڕێوەدەبات.

– بێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی نەتەوە، نەژاد، رەگەز، رەنگ و ئاین، پشتگیری هەموو ئەو نووسەر، وەرگێڕ، هەواڵساز و رۆژنامەوان و دەزگا بڵاوکەرەوانە دەکات کە ئەو ئامانجانە پەسەند دەکەن.

– لەدژی توندوتیژیی یاسایی، نەژادپەرستی، ئاینپەرستی و جێندەریی تێدەکۆشێت و پشتگیری ئەو کەسانە دەکات کە بەو هۆکارانە دەکەونە بەر هەڕەشە وهێرش و ژیانیان دەکەوێتە مەترسیییەوە.

– دژ بە هەموو ناحەقی، زۆرداریی، چەوساندنەوەیەکە، چ لە کوردستان یان لە هەر شوێنێکی دیکەی جیهان هەبێت، و هەڵوێست وەردەگریت.

خاڵی-٤: ئەرکی سەرەکی (PEN)ی کورد رێگریکردنە لە قەدەغەکردن و توانەوە و لەناوبردنى زمانی کوردیی.

– زمان و ئەدەبی کوردی بە جیهان دەناسێنێت و لەنێوان زمان و ئەدەبی گەلاندا رۆلی پردێک دەگێڕێت.

– کاردەکات بۆ پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردی، پشتیوانی ئەو کەسانە دەکات کە لە بواری زمان، وێژە و کەلتوری کوردی کاردەکەن.

– (PEN)ی کورد پشتیوانی ئەو هەوڵانە دەکات کە لە چوار پارچەی کوردستان زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمی کارگێڕیی و پەروەردەیی و بازرگانی و کۆمەڵگە.

– پشتیوانی تێکۆشانی (پەروەردە بە زمانی کوردی) دەکات لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان.

– نووسەر، رۆشنبیر و بیرمەندانی کورد هان دەدات بۆ ئەوەی بە کوردی بنووسن.

– بۆ ناساندنی کەلتور و هونەری کوردی تێدەکۆشێت.

– کاردەکات بۆ ئەوەی ببێتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی هەموو نووسەرانی کورد و بەهێزکردنی یەکێتی نێوان نووسەرانی کورد.

جۆر و زەمینەی کارکردن

خاڵی- ٥: لەپێناو بنەما سەرەکییەکان و ئەو ئامانجانەی دەستنیشان کراون، (PEN)ی کورد پەرە بە ئەندامەکانی خۆی دەدات.

– لە کۆبوونەوە و چالاکییەکانی ناوەندی (PEN)ی نێونەتەوەیی بەشداریدەکات و راپۆرتی پێویست پێشکەش دەکات.

– کۆنفرانس و سیمینار و کۆڕ رێکدەخات.

– دەستە و کۆڕی وێژەیی ڕێکدەخات و پشتیوانی ئەو کەسانە دەکات کە بەو مەبەستە کار دەکەن.

– بەشداری لەچالاکی رێکخراوەکانی تردەکات، بەمەبەستی خزمەتکردنی زمان، وێژە و کەلتور.

– پشتیوانی ئەو هەوڵ وکۆششانە دەکات کە خزمەت بە پەرەپێدان و ستاندارکردنی زارە کوردییەکان دەکەن.

– پشتیوانی چاپ و ناساندنی بەرهەمى ئەندامەکانی دەکات.

– هەوڵدەدات بۆ وەرگێڕانی بەرهەمە کوردییەکان بۆ زمانە بیانییەکان.

– هەوڵدەدات بۆ پێشخستنی وەشانگەریی کوردی.

– لە رۆژە تایبەتە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکاندا، بەرنامەی تایبەت ڕێکدەخات.

– بەگوێرەی توانا، پشتیوانی ئەندامەکانی خۆی دەکات.

ئەندامییەتی

خاڵی- ٦ :هەموو ئەدیب، وەرگێڕ، رۆژنامەوان، زمانزان، خاوەن دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، ئەکادیمیی، ئەوانەی بۆ زمان، وێژە و کەلتوری کوردی کاردەکەن، دوو کتێبی چاپکراویان هەبێت دەتوانن ببنە ئەندامی ناوەندی (PEN)ی کورد، بە مەرجێک پەیرەوپرۆگرامی ناوەند پەسەند بکەن.

ئەو کەسانەی دەرفەتیان نەبووە بۆ ئەوەی کتێب چاپ بکەن، بەڵام بە نووسینەکانیان لە رۆژنامە، گۆڤار، ماڵپەڕە ئەنتەرنێتییەکان بڵاوکراونەتەوە و وەکو نووسەر ناسراون، دەتوانن ببنە ئەندام.

نووسەر، رۆژنامەوان، هەواڵساز، وەرگێڕ، زمانزان، بڵاوکەرەوە و ئەکادیمیسیانی کوردستان کە بە زمانێکی بیانی دەنووسن، تەنیا بە کۆدەنگیی هەموو ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی دەتوانن ببنە ئەندام.

ئەندامیەتی شانازی و ئەندامیەتی پشتیوان

خاڵی- ٧ :کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی (ک.ب.گ) دەتوانێت ئەندامیەتی شانازیی بداتە ئەو نووسەرانەی کە بە هەڵوێست و کارەکانیان بوونەتە هی کۆمەڵگە. هەروەها رۆژنامەوان، هەواڵساز، وەرگێڕ، زمانناس و ئەکادیمیسیەنی بیانیش کە بە هەڵوێست و کارەکانیان بە دۆستی کورد ناسراون، ئەگەر پێشنیاز بکرێن یان ک.ب.گ داوای بکات و کەسەکە خۆیشی رەزامەند بێت، دەتوانن وەکو ئەندامی شانازیی پەسەند بکرێن.

– ئەندامانی شانازی، ئابونەی ساڵانە نادەن.

– ئەندامانی شانازی دەتوانن بەشداری کار و چالاکی پێویست ببن، بەڵام مافی دەنگدانیان نییە.

– ئەو کەسانەی کە بە قسە، کردار و بەخشین پشتگیریی PENی کورد بکەن و تابەتمەندیی تاکەکەسیان بۆ بوون بە ئەندامی PENی کورد گونجاو نەبێت، دەتوانن وەکو ئەندامانی پشتگر پەسەند بکرێن.

– ئەندامانی پشتگر دەتوانن بەشداری چالاکی و کۆبوونەوە پێویستەکان ببن، بەڵام مافی دەنگدان و وەرگرتنی ناسنامەیان نییە.

داواکاریی بەئەندامبوون

خاڵی- ٨: ئەو کەسانەى بەپێی پەیڕوپرۆگرام مافی ئەندامبوونیان هەیە، دەتوانن داواکاریی بەئەندامبوون پێشکەش بکەن.

– داواکاریی بۆ (داواکاریی و ناسینی ئەندامییەتی PENی کورد) لە رێگەی پڕکردنەوەی (فۆرمی ئەندامیەتی) ئەنجام دەدرێت.

– مەرجەکانی پەسەندکردن یان رەتکردنەوەی داواکارییەکانی ئەندامیەتی، بە بەڵگەی (رێنمایی PENی کورد) دەستنیشان دەکرێن.

– دوای دیاریکردنی کات و شوێنی کۆبوونەوەی گشتی، هەڵسەنگاندنی داواکارییەکانی ئەندامان ڕادەگیرێت؛ واتە هەڵسەنگاندنی داواکاری ئەو کەسانەی کە دوای کات و شوێنی کۆبوونەوەی گشتی داوای ئەندامێتی دەکەن بە چاوەڕوانی KBG ی نوێ دەمێنێتەوە.

– ئەندامانی PENی کورد هاوکات دەبنە ئەندامانی ناوەندی PENی نێونەتەوەیی.

وازهێنان لە ئەندامیەتی

خاڵی- ٩: هەر ئەندامێک دەتوانێت لە ڕێگەی نووسراوێکەوە واز لە ئەندامییەتییەکەی بهێنێت. دوای گەیشتنی نووسراوەکە بە کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی، ک.ب.گ لە کۆبونەوەی یەکەمیدا بەبێ وتوێژکردن داواکەی پەسەند دەکات. بە نووسراویش کەسەکە ئاگادار دەکاتەوە.

دوورخستنەوە

خاڵی- ١٠: کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی دەتوانێت

– ئەو ئەندامانەی دژی «بنەما سەرەکییەکانی»ی ئەم پەیڕەوە قسە دەکەن، دەنووسن و رەفتار دەکەن؛ هەروەها ئەو ئەندامانەی کە ئەرکی ئەندامێتی خۆیان جێبەجێ ناکەن، دوور بخاتەوە.

– ئەو ئەندامانەی کە بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەریەک ئابوونەی ئەندامییەتی خۆیان نادەن، دوای ئەوەی بە فەرمی لەلایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی ئاگادار دەکرێنەوە، دەتوانرێت لە ئەندامێتی دووربخرێنەوە. ئەگەر بیانەوێت دووبارە ببنەوە بە ئەندام، دەبێت دووبارە فۆڕمی ئەندامێتی پڕبکەنەوە و داواکارییەکەیان لەلایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی هەڵدەسەنگێندرێت.

– ئەو کەسانەی کە لەلایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی وەک ئەندام وەرگیراون و بە «پیرۆزبایی/بەخێرهاتن» ئاگادار دەکرێنەوە، ئەگەر لە ماوەی سێ مانگدا ئابوونەی ئەندامێتییان نەنێرنە سەر حسێبی ناوەندی پێنی کورد، ئەندامییەتییەکەیان چالاک نابێت.

جێبەجێکردنی ئەم کارە لە بەڵگەنامەی «بەڕێوەبردنی پێنی کوردی»دا پێناسە کراوە.

ئۆرگانەکانی PENی کورد

خاڵی- ١١ : ناوەندی PENی کورد لەم ئۆرگانانە پێکدێت:

– کۆبونەوەی گشتی (کۆنگرە)

– کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی (KBG)

– کۆمیتەی بەرفراوانی راوێژ

– کۆمیتە بەردەوامەکان

– کۆمیتە کاتییە یارمەتیدەرەکان

– نوێنەرایەتی کۆبونەوەی گشتی (کۆنگرە)

– نوێنەرایەتی چوار پارچەی وڵات و دەرەوەی وڵات

ئەلیف/ کۆنگرەی گشتی

خاڵی- ١٢:کۆبوونەوەى گشتى، لە هەموو ئەندامانی PENی کورد پێکدێت و باڵاترین ئۆرگانی PENی کوردە.

– کۆنگرە بڕیار لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە دەدات:

– گۆڕین یان نوێکردنەوەی ئامانجەکانی ناوەند.

– گۆڕین یان نوێکردنەوەی پەیڕەوپرۆگرامی ناوەند.

– پەسەندکردن یان رەتکردنەوەی راپۆرتی کاروچالاکی و دارایی کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتی.

– هەڵبژاردنی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی.

– پەسەندکردن یان رەتکردنەوەی راپۆرت و پێشنیازەکانی ئەندامان و کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی.

– لەبارەی داواکاریی ئەو ئەندامانەی کە لەلایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی دوور خراونەتەوە.

– چوار خاڵی سەرەتا کە لەژێر ناوی (بنەما بنەڕەتییەکان) و خاڵی هاوسەرۆکایەتی ٢١ی ئەم پەیڕەوپرۆگرامە، بە پەسەندکردنی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئامادە لە کۆنگرە دەستکاریان دەکرێت.

– هەڵوەشاندنەوەی ناوەند

ئامادەکاریی و گرێدانی کۆنگرە

خاڵی- ١٣:کۆنگرەی ئاسایی، سێ ساڵ جارێک بە بەشداریی ئەندامانی پابەند، لەو شوێنەی کە کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی دیاریی دەکات، ئامادەکاریی بۆ دەکرێت و بەڕێوەدەچێت.

وردەکاریی ئامادەکاریی و کاروباری کۆنگرە وەک:

ئامادەکاریی کۆنگرە، پرۆگرامی کۆنگرە، دۆخەکانی پرۆگرام، کردنەوەی کۆنگرە، هەڵبژاردنی لێژنەیەک بۆ بەڕێوبردنی کۆنگرە (لیژنەی سەرپەرشتی)، ئامادەکردنی دۆسیە بۆ بەڕێوەبردنی دیوانی کۆنگرە، دەستەی هەڵبژاردن، پاڵاوتن و هەڵبژاردن، لە بەڵگەنامەی (رێنماییەکانی PENی کورد) دەستنیشان دەکرێن.

کۆنگرەی نائاسایی

خاڵی- ١٤:کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی، ئەگەر بە پێویست بزانێت، دەتوانێت بڕیاری (کۆنگرەی نائاسایی) بدات.

– پێنجیەکی هەموو ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوبەریی گشتی دەتوانن بە نووسراو داوا لە کۆمیتە بکەن بۆ

گرێدانی کۆنگرەی نائاسایی.

– لە بەڵگەنامەی (رێنماییەکانی PENی کورد) هەلومەرجەکانی کۆنگرەی نائاسایی دەستنیشان دەکرێن.

کۆبونەوەی گشتی (کۆنگرە)

خاڵی- ١٥:کۆبونەوەی گشتی هەوڵ دەدات کە لە چوار پارچەی وڵات و دەرەوەی وڵاتیشدا لانی کەم ئەندامێکی سەرەکی، ئەندامێکی یەدەگ لەناو کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتیدا هەبێت.

بەهۆی ئەوەی ناوەندی رێکخراوەکە لە ئامەدە، پێویستە لانی کەم سێ ئەندامی سەرەکی، بۆ ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبردن هەلبژێردرێن.

ئەگەر پاڵێوراوی پارچەیەکی کوردستان لە کۆنگرە نەبن یان کەم بن، ئەندامانی ئەو پارچەیەی دانیشتووی دەرەوەی وڵاتیش دەتوانن نوێنەرایەتی ئەو پارچەیە بکەن و هەڵبژێردرێن.

هەبوونی ئەندامانی ژن لە کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی

خاڵی- ١٦: ناوەندی PENی کورد لە هەموو بوارێکی ژیاندا بایەخ بە ئامادەبوونی ژنان دەدات، هەر بۆیە، پێویستە لایەنی کەم(٣) سێ ژن لە لیستی سەرەکی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی و لایەنی کەم (2)ژن لە لیستی یەدەگدا هەبن، واتە کۆی گشتی دەبێت (5) پێنج ژن هەبن.

ئەگەر پاڵێوراوانی ژن زیاتربوون، ئەوا بەپێی ژمارەی دەنگەکانیان سەردەکەون، لەکاتێکدا ژمارەی پاڵێوراوانی ژن کەمتر لە(5)پاڵێوراوبن، بەبێ لەبەرچاوگرتنى ژمارەى بەدەستهێنانی دەنگەکانیان هەموویان سەردەکەون.

نوێنەرایەتی زارە کوردییەکان لە کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیدا

خاڵی- ١٧: ناوەندی PENی کورد بایەخ بە هەموو زارە کوردییەکان دەدات، زارەکان دەپارێزێت، هەوڵ دەدات بۆ پێشخستنی زارە کوردییەکان.

– ئەگەر بوار هەبێت، لە کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتیدا لانی کەم نوێنەری سێ زاری سەرەکی (کورمانجی، سۆرانی، کرمانجکی) هەبێت.

– بەتایبەتی بۆ بەشداریکردنی زاری کرمانجکی لە کۆمیتەدا، ئەندامانی PENی کورد هەستیارن.

ب/ کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی (ک.ب.گ)

خاڵی- ١٨: دوای کۆنگرە، کۆمیتەی بەڕیوەبەری گشتی (ک.ب.گ) کۆمیتەی بڕیاردەرە.

– کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی لە(٩) نۆ ئەندامی سەرەکی و(٦) شەش ئەندامی یەدەگ پێکدێت کە لە کۆنگرەی ئاسایی بۆ ماوەی سێ ساڵی داهاتوو هەڵدەبژێردرێن.

-کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی دەتوانێت بەپێی پێویستییەکان بۆ راپەڕاندنی کاروباری ناوەند، ژمارەی ئەندامان کەم بکاتەوە یان زیادیان بکات، بە پشتڕاستکردنەوەی کۆنگرە، ژمارەی تازەی ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی هەڵدەبژێردرێن.

ئەگەر بکرێ لە کۆی ٩ ئەندامی سەرەکی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی، ٣ ئەندام لە باکوور، ٢ ئەندام لە باشوور، ٢ ئەندام لە ڕۆژهەڵات و ٢ ئەندام لە ڕۆژئاوای کوردستان. هه‌روه‌ها له‌ كۆی ٦ ئه‌ندامی جێگر‌، 3 ئه‌ندامی باكور، 1 ئه‌ندامی باشوور، 1 له‌ ڕۆژهه‌ڵات و 1 له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بێت بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی له‌ هه‌موو لایه‌كی كوردستانه‌وه‌ هه‌بێت له‌ به‌ڕێوه‌بردنی PENی كورد.

ئەرکەکانی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی

خاڵی- ١٩ : کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی لەسەر بنەمای پەیڕەوپرۆگرامی ناوەندی PENی کورد و PENی نێونەتەوەیی

کاردەکات، ئەرکەکانی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی ئەمانەن:

– جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی کۆنگرە.

– بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناوەندی PENی نێونەتەوەیی و PENەکانی دیکە.

– ئامادەکردن و نووسینی راپۆرتی پێویست بۆ PENی نێونەتەوەیی.

– بەشداریکردنی کۆنگرە، کۆنفرانس، پانێل و ئەو کۆبونەوانەی کە لە لایەن ناوەندی PENی نێونەتەوەیی و PENەکانی دیکە بەڕێوەدەچن.

– رێکخستن و بەڕێوەبردنی کۆنفرانس، پانێل، وۆرکشۆپ و کۆبونەوەی دیکە لە زەمینەکانی زمان، ئەدەب و هونەری نێوخۆیی و نێونەتەوەیی.

– پاراستن و بەرگریکردن لە ئازادی ڕادەربڕین و زمان، ئەدەب، کەلتور و هونەری کوردی.

– پاراستنی مافی ئەندامان و نووسەرانی کورد.

– پاراستنی ئاشتی جیهانیی.

– هاوکاریکردنی ئەو دامەزراوە و رێکخراوانەی کە بۆ هەمان ئامانج تێدەکۆشن.

– چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤار و کتێب.

– ئامادەکردنی فیلم و ڤیدیۆ.

– بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

– بە پیرۆزکردن و یادکردنەوەی رۆژە تایبەتە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکان.

– بەرفراوانکردنی تۆڕی رێکخستن و زیادکردنی ئەندامان.

– دروستکردنی کۆمیتەی بەردەوام و کاتیی، کۆمیتەی راوێژکاریی و نوێنەرایەتیکردنی ناوەند.

– ئامادەکاریی بۆ کۆنگرە.

کۆبونەوەی یەکەمی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی

خاڵی- 20:کۆمیتەی بەڕێوبەریی گشتی، لانی زۆر لە ماوەی سێ رۆژدا بە رۆژەڤی (دابەشکردنی کارەکانی) لەژێر سەرکردایەتی سەرۆکی دیوانی کۆنگرەدا، کۆبونەوەی یەکەمی خۆی گرێدەدات.

لە کۆبونەوەی یەکەمدا بە دەنگدان، دوو هاوسەرۆک، سکرتێری گشتی، بەرپرسی دارایی هەڵدەبژێردرێن.

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی، بەپێی پێویست دەتوانێت ئەندامەکانی دیکە وەکو یاریدەدەرانی هاوسەرۆک و سکرتێری گشتی و دارایی، ئەرکدار بکات، ئەندامەکانی تر دەتوانن ببنە سەرۆکی کۆمیتە بەردەوامەکان.

لە کۆبوونەوەی یەکەمی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی تەنها ئەندامانی سەرەکی دەتوانن دەنگ بدەن بۆ دیاریکردنی ئەرکەکان.

هەر ئەندامێکی سەرەکیی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی، بەبێ هۆکار بەشدارى لە سێ کۆبوونەوەی کۆمیتەکە نەکات، لە ئەندامیەتی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی دوور دەخرێتەوەو ئەندامێکی یەدەگ دێتە شوێنی لە هەمان ئەو بەشەی وڵات کە زۆرترین دەنگی هێناوە.

ئەندامانی جێگر کە بەبێ هیچ هۆکارێک بەشداری ٢ کۆبوونەوەی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی نەکەن، دەتوانرێت بە بڕیاری کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی لە گروپە ئیمەیڵییە فەرمییەکانی PEN و گروپە کۆمەڵایەتییەکانی ناوەند دووربخرێنەوە.

ھاوسەرۆکایەتی

خاڵی- ٢١: سەرۆکایەتی PENی کورد بە سیستمی هاوسەرۆکایەتی بەڕێوەدەبرێت، بەپێی ئەو سیستمە لەناو کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیدا، ژنێک و پیاوێک وەکو هاوسەرۆک هەڵدەبژێردرێن.

– لەڕووى نوێنەرایەتیی، بەرپرسیارییەتی و ئەرکەکان، لەناو هاوسەرۆکەکاندا، یەکسانییەکی تەواو هەیە، هاوسەرۆک پێکەوە یان هەرکامیان سەربەخۆ، لە وڵات و لە دەرەوەی وڵات، نوێنەرایەتی ناوەندی PENی کورد دەکەن.

– هاوسەرۆکان لە کۆبونەوەی یەکەمی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی هەڵدەبژێردرێن.

– هاوسەرۆکانی ناوەندی PENی کورد، چاودێری بڕیارەکانی کۆنگرە و بڕیاڕی کۆبونەوەکانی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی دەکەن و جێبەجێی دەکەن.

– بۆ کاروچالاکییەکان بەگوێرەی ڕێبازی ناوەندی PENی نێونەتەوەیی و PENی کورد، بەرپرسیارن.

– چاودێریی کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتییەکان دەکەن، لەکاروچالاکییەکانیاندا هاوکارییان دەکەن.

– بەناوی ناوەندی PENی کورد، راگەیاندراو بۆ رای گشتی دەردەکەن و گشتاندن بۆ ئەندامان بڵاو دەکەنەوە.

– لەنێوان ئەندام و بەڕێوەبەراندا هاوئاهەنگی دروست دەکەن.

– بەنۆرە کۆبونەوەکان بەڕێوە دەبەن.

– هاوسەرۆکان دەتوانن لەنێوان خۆیاندا کارەکانیان دابەش بکەن.

– هاوسەرۆکان بۆیان نییە لە دوو کۆنگرە زێتر بەدوای یەک هەڵبژێردرێن. بۆ ئەوەی هاوسەرۆکێک جارێکی تر خۆی هەڵبژێرێت، پێویستە لانی کەم کۆنگرەیەکی بەسەردا تێپەڕبووبێت.

سەرۆکی شانازی

خاڵی- ٢٢: ئەو کەسانەی کە دوو خوول سەرۆکایەتی یان هاوسەرۆکایەتی ناوەندی PENی کوردیان کردبێت، هەروەها ئەو کەسانەی لە لایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی بە شایستە بناسرێت، یان خەڵاتێکی گەورەی ئەدەبیان وەرگرتووە، بە دەنگدانی کۆنگرە دەتوانێت وەکو سەرۆکی شانازی پەسەند بکرێت.

سەرۆکەکانی شانازی بە شێوەی خۆکار دەبنە ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی، دەتوانن بەشداری کۆبونەوەکانی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی بکەن، قسە بکەن و پێشنیاز بکەن، بەڵام مافی دەنگدانیان نییە لەسەر بڕیارەکان.

شێوەی کارەکانی کۆمیتەی بەڕێوەبردنی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی

خاڵی- ٢٣: شێوەی گرێدانی کۆبونەوەکان، بڕیار، دەنگدان، پلانسازی، رێکخستن، ئەنجامنامەی کۆبونەوەکان لە بەڵگەنامەی (رێنمایی ناوەندی PENی کورد) دەستنیشان دەکرێن.

سکرتێری گشتی

خاڵی- ٢٤: سکرتێری گشتی ناوەندی PENی کورد لە کۆبونەوەی یەکەمی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی هەڵدەبژێردرێت.

– سکرتێری گشتی، داواکاریی ئەندامان وەردەگرێت، بەڵگەکانیان رێکدەخات و پێشکەشی کۆبونەوەی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی دەکات، پەسەندکردن و رەتکردنەوەی داواکارییەکان بە خوازیاران رادەگەنێت.

– لیستی ئەندامان، بەڵگە، ناونیشان، ئیمێل و بەڵگەکانی دیکەی ئەندامان بەردەوام تازە دەکاتەوە.

– دوای راوێژ لەگەڵ هاوسەرۆکان، رۆژەڤی کۆبونەوەی کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتی ئامادە دەکات، لانی کەم دوو رۆژ پێش کۆبونەوە، ئەندامانی کۆمیتەی گشتیی لە رۆژەڤەکە ئاگادار دەکاتەوە.

– لە ڕۆژی کۆبونەوەدا، ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتی بانگی کۆبونەوەکان دەکات.

– راپۆرتی کۆمیتەکان دێنە بەردەست سکرتێری گشتی، ئەویش راپۆرتەکان پێشکەشی کۆبونەوەی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی دەکات.

– ناسنامەی ئەندامان ئامادە دەکات، یانیش کەسێک رادەسپێرێت بۆ ئامادەکردنی.

– ئەرشیڤی ناوەندی PENی کورد وەردەگرێت و رۆژانە تازەی دەکاتەوە.

– بۆ ئەوکاروچالاکییانە، داواى هاوکاری لە ئەندامان دەکات.

داهاتەکانی ناوەند

خاڵی- ٢٥: داهاتی ناوەندی PENی کورد لەمانە پێکدێت:

– ئابوونەی ساڵانەی ئەندامان.

– ئابونەی ساڵانەی ئەندامان بۆ ناوخۆی وڵات بڕی (٣٠یۆرۆ) دیاری کراوە، یان بەرانبەری ئەوە بە پارە ناوچەکە. لە دەرەوەی کوردستان بڕی (٦٠یۆرۆ) دیاری کراوە، یان بەرانبەرەکەی بەپێی جۆری پارەی ناوچەکە.

– ئەو ئەندامانەی کە ناتوانن ساڵانەی خۆیان بدەن، بە نامەیەک کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتی ئاگادار دەکەنەوە، کۆمیتە بەپێی بارودۆخی ئەندامەکە بڕیار دەدات.

– بەخشینی ئەندام و لایەنگرانی ناوەندی PENی کورد.

– ئەو داهاتەی لە چالاکییەکانی وەکو کۆنسێرت، کۆنفرانس و بۆنەکانی پشتگیری. فرۆشتنی پەرتوک، گۆڤار، تێچووی ناسنامەی ناوەند، مەتەریالەکانی ناساندنی ناوەندی PENی کورد دەست دەکەون.

– هاوکاریی و بەخشینی رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی کە بۆ پرۆژەکانی زمان، کەلتور و هونەری گەلان دەدرێنە کۆمەڵە و رێکخراوە مەدەنییەکان.

– هەر پرۆژەیەک کە لە لایەن رێکخراوێکی خێرخوازییەوە پشتگیری دارایی بکرێت و ناوەندی PENی کورد بەڕێوە ببات.

خەرجکردنی دارایی ناوەند

خاڵی- ٢٦: دارایی ناوەند تەنیا بۆ کاروچالاکییەکانی ناوەند خەرج دەکرێت. ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی هەموویان بە خۆبەخش کار دەکەن، هیچ کەسێک پارە لە کاسەی ناوەندەوە وەرناگرێت.

ژمێریار

خاڵی- ٢٧: ژمێریاری ناوەندی PENی کورد لە کۆبونەوەی یەکەمی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی هەڵدەبژێردرێت، ژمێریار بەرپرسی یەکەمی داراییە، ساڵانەی ئەندامیەتی و داهات و بەخشینەکان کۆ دەکاتەوە، لە تێنووسی کاسەی ناوەندی PENی کورد تۆماریان دەکات. هەموو ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتیش لە بواری کۆکردنەوەی ساڵانەی ئەندامان هەوڵی خۆیان دەدەن. بەبێ بڕیاری کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی، هیچ بڕە پارەیەک خەرج ناکرێت.

– ژمێریار بەرپرسی ئامادەکردنی بودجەی ناوەندە، ڕاپۆرتی دارایی، داهات و تێچوونەکان بە گوێرەی بەڵگەی (رێنمایی ناوەندی PENی کورد) رێکدەخات و کۆی دەکاتەوە. ژمێریار هەر سێ مانگ جارێک بە نووسراو، راپۆرتی دارایی پێشکەشی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی ناوەند دەکات.

– راپۆرتی دارایی بۆ کۆنگرە ئامادە دەکات.

ئامادەکارییەکانی کۆنگرە

خاڵی- ٢٨ : کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی پێش کۆنگرە.

– راپۆرتی کار و چالاکییەکانی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی و راپۆرتی دارایی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی ئامادە دەکات.

– وردەکارییەکانی ئەو کاروچالاکییانەی لە بەڵگەنامەی(رێنمایی ناوەند) دەستنیشان دەکرێت.

پ/ کۆمیتە بەردەوامەکان

خاڵی- ٢٩: کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی چوار کۆمیتەی سەرەکی ناوەندی PENی نێونەتەوەیی دروست دەکات.

کۆمیتەی نووسەران بۆ ئاشتی

کۆمیتەی نووسەرانی زیندان

کۆمیتەی نووسەرانی ژن

کۆمیتەی مافی زمان و وەرگێڕ

جگە لەو کۆمیتانە، کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی دەتوانێت کۆمیتەکانی وەک( کۆمیتەی پەیوەندی لەگەڵ راگەیاندنەکان، کۆمیتەی تەکنیکی سۆسیالمیدیا، کۆمیتەی زارەکوردییەکان، کۆمیتەی پەیوەندییە کوردستانییەکان، کۆمیتەی پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی دەرەوەی وڵات دروست بکات، بەپێی پێویست دەتوانێت کۆمیتەی تریش دروست بکات.

ت/ کۆمیتە یاریدەدەرە کاتییەکان

خاڵی- ٣٠: کۆمیتەی کاتییە یاریدەدەرەکان کە لە کەسانی پسپۆری کاری تایبەت (لە ئەندامانی ناوەند و کەسانی دیکە) پێکدێن.

کۆمیتەی کاتییە یاریدەدەرەکان، بە پێی پێویستی کاروبار، چالاکی، ئامادەکردنی راپۆرت یان بەڕێوەبردنی پرۆژەیەک لە لایەن کۆمیتەی بەڕێوەبردنی گشتی یانیش لە لایەن کۆمیتەیەکی بەردەوام دروست دەکرێت، کاتێک پرۆژەکە کارەکانی تەواو دەکات، ئەرکی کۆمیتەی یاریدەدەریش تەواو دەبێت، کۆمیتەکە لەبارەی کاروچالاکییەکانی راپۆرتێک پێشکەشی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی دەکات و کۆمیتەکاتییەکەش هەڵدەوەشێتەوە.

– پلانسازى کۆمیتەى یاریدەدەر، لەلایەن ئەوکۆمیتەوە ئامادە دەکرێت کە دروستى کردووە.

– کۆمیتە بەردەوامەکان و کاتییەکان لە چەند کەسێک پێکدێن، بەرپرسیارییەتی کۆمیتەکان و شێوە کارەکانیان و کۆبونەوەی کۆمیتەکان لە بەڵگەنامەی (رێنمایی ناوەندی PENی کورد) دەستنیشان دەکرێت.

ج/ کۆمیتەی بەرفراوانی راوێژ

خاڵی- ٣١: کۆمیتەی بەرفراوانی راوێژکاری، لە ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی، سەرۆکەکانی شانازی، کۆمیتە بەردەوامەکان و ئەو ئەندامە چالاکانەی کە کاروباری ناوەند دەناسن و دەتوانن هاوکاریی بکەن پێکدێت، ئەگەر بە پێویست بزانرێت، کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتی دەتوانێت کۆمیتە کاتییە یاریدەدەرەکانیش بخاتە نێو کۆمیتەی راوێژکاریی.

لەسەر داواکاریی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی کۆ دەبێتەوە، لەبارەی ئەو خاڵانەی کە رۆژەڤی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی دیاری دەکات، هەر ئەندامێک تێڕوانینی خۆی دەخاتەڕوو، لە کۆبوونەوەدا خاڵەکانی رۆژەڤ ناخرێنە دەنگدان، ئەگەر بڕیارێک پێویست بێت، کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی دوا بڕیار دەدات، کۆنووسی کۆبونەوەی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی بۆ کۆمیتەکە دەنێردرێت.

چ/ نوێنەرایەتی

خاڵی- ٣٢:کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی، بەپێی پێویست نوێنەرایەتى لە چوارپارچەی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات بە پێی زیادبوونی ئەندامەکانی و پێویستبوونی کاروچالاکی دروست دەکات، ئەگەر پێویست بێت لە شار یان وڵاتیش نوێنەرێک دیاریدەکات.

– نوێنەر، دەبێتە رێکخەریی پەیوەندی لەنێوان ئەندامانی ئەو ناوچەیە و کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی.

– نوێنەر بە پێی پەیڕەو و رێنمایی ناوەند کاردەکات کە ئەرکیان دیاریکراوە.

– شێوەی کاروچالاکی نوێنەران (کۆبونەوە، راپۆرت، بڕیار) وەکو شێوەی کاروچالاکی کۆمیتە بەردەوامەکانە.

رێنمایینامەی ناوەندی PENی کورد

خاڵی- ٣٣: لەژێر رۆشنایی ئەو پەیڕەوە، رێنمایینامەی ناوەندی PENی کورد ئامادە دەکرێت، دەتوانرێت لە رێنمایینامەکە خاڵی نوێ زێدە بکرێت یان کەم بکرێتەوە.

هەڵوەشاندنەوەی ناوەند

خاڵی- ٣٤: کۆنگرە دەتوانێت بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ناوەند بدات، ئەگەر بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات، هەموو سەرمایە و داراییەکانی ناوەند، بە ناوەندێکی زمان و کەلتوری کوردی دەبەخشرێت، ئەو رێکخراوەش تەنیا بە مەبەستی کۆمەڵایەتی یان مەبەستی خێرخوازی دەتوانێت ئەو سەرمایە بەکار بهێنێت.

خاڵی- ٣٥: ئەو پەیڕەوە لە سیوپێنج خاڵ پێکهاتووە، لە کۆنگرەی ناوەندی PENی کورد لە رۆژی (09/07/2022) لە شاری ئۆڵدنبۆرگی ئەڵمانیا پەسەند کراوە.

* بەپێی گرێدانی کۆنگرەی دەیەمینی ناوەندی PENی کورد کە لە رۆژی ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠١٩ لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.

بەناوی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی

عومەر فیدان

هاوسەرۆکی ناوەندی PENی کورد

٧/٠٩/٢٠٢٢