ناوەندی “پێن”ی کوردی سمینارێک بۆ نووسەرانی کورد لەسلێمانی رێک دەخات

ناوەندی “پێن”ی کوردی بەبەشداری نووسەرانی هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی، بەمەبەستی ناساندنی ناوەندی “PEN”ی کورد بە نووسەرانی کورد، سمینارێک بەڕێوە دەبات.

“دڵشا یوسف” ژنە نووسەری کورد و ئەندامی ده‌سته‌ی به‌ڒێوه‌به‌ریی ناوەندی پێنی کورد یەکێک لە بەڕێوە بەرانی ئەو سمینارە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، پێنی کوردی بەمەبەستی ئەندامگیریی زیاتر و هەروەها دادکۆکی لە سەرجەم نوسەرانی کورد لە هەر شوێنێک کە بەرەوڕووی پێشێکاری ببنەوە، ئەو سمینارە بەڕیوە دەبەین.

ئەو بەرپرسەی کۆمیتەی ژنان لە ناوەندی پێنی کورد راشیگەیاند، رۆژنامەنووسانی چالاک و هەروەها هەر نووسەرێک بە مەرجی ئەوەی کە خاوەنی ٢ کتێب بێت و لەلایەن ٢ کەسە پشتگیری لێ بکرێت و هاوکات سکاڵای ئەندامانی ناوەندی پێنی کوردی لەسەر نەبێت، وەک ئەندامی ناوەندی پێنی کوردی وەرئەگریت و هاوکات دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی پێنی جیهانی.

ناوەندی پێنی کوردی کاتژمیر ٥ی دوانیوەڕوی رۆژی هەینی رێکەوتی ١٤ی پووشپەڕ بەرامبەر بە ٥/٧/٢٠١٣ لە هۆڵی رۆشنبیریی ئەندیشە لە شاری سلێمانی و بەبەشداری نوسەرانی کورد ئەو سمینارە بەڕێوە دەچێت.

دڵشا یوسف ژنە شاعیری کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە و هەتا ئێستا ١٠ بەرهەمی لە قاڵبی شێعر، وەرگێڕان و لێکۆڵینەوەدا چاپ و بڵاو کردۆتەوە و هەنووکە بەفەرمی ئەندامی ئەنجومەنی جیهانیی رۆژنامەنووسان، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان وهەروەها لە ساڵی ٢٠٠٤ ئەندامی ناوەندی پێنی کوردییە.

ناوەندی “پێنی کورد” ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن چەند نووسەر و ئەدیبی کورد چالاکییەکانی خۆی دەست پێ کردووە و ساڵی ١٩٩٩ بە فەرمی بۆتە ئەنجومەنی پێن”ی جیهانی کە سالی ١٩٢١ لە شاری لەندەن دامەزرا و هەتا ئیستا ١٤٤ وڵات بەفەرمی ئەندامی ئەو رێکخراوەیەن و زیاتر لە ٢٠ هەزار ئەندامی لەو وڵاتانەدا هەیە.